ئەگەر و کاریگەرییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

ناتۆ دەیەوێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسی
النسخة المصغرة

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە لوتکە، "ئۆکرانیا" دوای ڕووخانی "یەکێتی سۆڤیەت" لەو ووڵاتە جیابوۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند لەگەڵ ڕووسیا، ھەمیشە بە چاوی ركەبەر لە یەک دەڕوانن، بەشێکی زۆر لە ئۆکرانییەکان ئارەزوویان بەو سەربەخۆییە کە ئێستا ھەیانە، شانازی بە کلتور و زمان و فەرھەنگی خۆیانەوە دەکەن، ھەمیشە دەیانەوێ لەو قاڵبە بێنە دەرەوە کە وەک بەشێک لە "ڕووسیا"ـێ پێ ھەژماردەکرێن.


"ڕووسیا ھەرگیز" ئەو حەز و ئارەزووانەی خۆی نەشاردووەتەوە کە تایبەتن بە فراوانکردنی دەسەڵات و بەھێزکردنی پێگەی خۆی لەو دەوڵاتانەی کە پێشتر بەشێک بوون لە "یەکێتی سۆڤیەت".

هەوڵەکانی (ناتۆ) بۆ ئەوەی "ئۆکرانیا" بکاتە ئەندامی ڕێکخراوەکەی، تووڕەییەکانی مۆسکۆی زیاترکردووە، پێگەکانی هەواڵی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، ڕووسیا (175) هەزار سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ئامادەکردووە و پلانی هەیە سەرەتای ساڵی داهاتوو هێرشبکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ناتۆش هۆشداریی تووند دەداتە مۆسکۆ و دەڵێت: ئەگەر ڕووسیا هێز دژی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەوە باج و دەرهاوێشتەی دەبێت.

"سـەرچـاوەی گـرژیـیـەکان"

"ئۆکرانیا" لەلایەن "ئەمریکا" و ووڵاتانی ناتۆ پاڵپشتیی و پشتگیریی ھەیە، زەمەنێکیشە ئەم دەوڵەتە ئاوات و ئارمانجیەتی کە بچێتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەش لۆبی باشی بۆ ھەنە، بەڵام ڕێگریییەکانی ڕووسیا لەو ھەنگاوە ئەم ئاواتەی ئۆکرانیایان لاوازکردووە.

ساڵی 2008، ناتۆ بڕیاریدا "ئۆکراینا" ببێتە بەشێک ڕێكخراوەکە، لە حوزەیرانی 2021، جەختیان لەو بڕیارە کردەوە و رایانگەیاند، "کیێڤ ئازادە لە بڕیارەکانی و مافی ئەندامیەتی ناتۆی هەیە.", ئەم قسانەی ئەندامانی ناتۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووسیای توڕەکرد.

ئەگەرچی سوپای ئۆکراینای پاڵپشتیکراو لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە نزیکەی (280) هەزار سەرباز لە پلەی سێیەمدا دێت لە ئەوروپا لە دوای هەردوو سوپای رووسیا و فەڕەنسا، بەڵام لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە، لاوازە کە تەنیا (125) فڕۆکەی جەنگی هەیە، بۆیە ئۆکراینییەکان بەردەوام لەسەر تاکتیکی ئەمریکی و راوێژی گەورە شارەزایانی سەربازی ناتۆ، را‌هێنایان پێدەکرێت؛ چەکی نوێ لەسەر ژمارەی پێدەگات، لە (7) ساڵی رابردوودا تەنیا ئەمریکا بە بەهای سەرووی (2.5) ملیار دۆلار چەک و هاوکاری لۆجستی پێشکێشکردووە.
 
ناتۆ کە بە (12) وڵاتی ئەندام لە ساڵی (1949) لە ئەمریکادا دژ بە یەکێتی سۆڤێتی جاران دامەزرا، لە حەوت دەیەی رابردوودا بە (9) قۆناخ ژمارەی ئەندامەکانی گەیاندە (30) ئەگەر بێتو ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، رووسیا بە تەواوەتی تەوق دەدرێت.
بۆ پوتینی سەرۆکی ڕووسیا، ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ هێڵی سوورە، چونکە (پوتین) نایەوێ ئەمریکا بە ئاسانی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە نزیکی ڕووسیا پەرە پێبدات.

"ئۆکرانیا" بە یەکێک لە وڵاتەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دادەنرێت، ناتۆ دەیەوێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسیی، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە “دەمەوێت بە ڕوونی بڵێم، گۆڕینی وڵاتە دراوسێکانمان بۆ پردی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، واتە جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ لەو ناوچانەی گرنگیی ستراتیژییان بۆ ئاسایشی ئێمە هەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت”.

ھێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا 

ئۆکراینا لە ئێستادا (280) هەزار سەرباز و (125) فڕۆکەی جەنگی هەن، لەلایەکی دیکەوە
رووسیا هێزەکانی ئامادەکردوو، بە ژمارەی زیاتر لە (6)هەزار و (250) کڵاوەی ئەتۆمی لە ریزی یەکەمی جیهان دێت لە دوای ئەمریکا و چین خاوەن بە‌هێزترین هێزی دەریاییە، ئەمە جیا لەوەی بە زیاتر لە (4) هەزار و (500) فڕۆکەی جەنگی لە دوای ئەمریکا، پێگەی دووەمی بەهێزترین هێزی ئاسمانی جیهانی بەدەستهێناوە. 
ڕووسیا سەرووی یەک ملیۆن سەربازی خاوەن چاک و دوو ملیۆن سەربازی یەدەگی هەیە.
ژمارەی ئەو سەربازانەی کە ڕووسیا لە سەر سنووری ئۆکرانیا کۆکراونەتەوە، کە ژمارەیان دەگاتە سەرو (130) هەزار سەرباز.
 "ئۆکراینا لەمدواییە وەک دەستکێشی دەستی ناتۆ تەماشا دەکرێت، ئەمریکاش کردوویەتیە ھۆکارێک بۆ فشار دروستکردنە سەر ڕووسیا.


 "ئەمریکا سەرباز بە ئەوروپادا بڵاو دەکاتەوە"

بەردەوامبوونی گرژییەکان وایکرد جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بە راوێژ لەگەڵ گەورە فەرماندەکانی بڕیاربدات داوە 8 هەزار و 500 سەرباز لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بڵاوبکاتەوە.

کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر دۆخی ئابووری
 
بەردەوامی دۆخی نە شەڕ و نە ئارامی ھاوتای جەنگێکی ساردی یەکلانەبووەوە، وەک هەڕەشە لە ئابووریی ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دێتە ھەژمار،
ئاڵۆزییەکان بازاڕی وزەی ناسەقامگیر کردووە و نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک خەڵک ناتوانن پێداویستییە ئارەزوویەکانی خۆیان بکڕن بە ترس لەوەی کە دۆخە بە یەکجاری بتەقێتەوە.

لەگەڵ قوڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر کەرتی وزەی ئەوروپا دروستبکات. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەرەنسا نزیکەی لە %40 گازی سروشتی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکەن.

ڕێککەوتی 2022/01/15دا نرخی نەوت دووبارە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌ نه‌وتی برێنت به‌ 86 دۆلار و 34 سه‌نت فرۆشرا،  به‌راورد به‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌كه‌ زیاتر له‌ پێنج دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه‌. هەروەها نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش له‌ 78 دۆلار و 50 سه‌نته‌وه‌ بۆ 84 دۆلار و 39 سه‌نت بەرز بۆتەوە.
شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم هەڵکشانە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هه‌ڕه‌شانه‌ی كه‌ هەردوو وڵاتی رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن، پێشبینی ئه‌وه‌ دەکرێت رووسیا هێرش بكاته‌ سه‌ر ئۆكراینا و ئه‌مه‌ریكاش هۆشداری به‌ رووسیا داوه‌ هه‌نگاوی له‌م شێوه‌یه‌ نه‌نێت چونکە لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی سزای سەخت دەبنەوە.
تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش بەشێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جگە لە دابه‌زینی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا کە تەنها له‌م هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیووە.

پێشبینییەکان لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ

دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی (CIA) بە وردی ئەوەی باسکردووە کە ئەگەری ڕوودانی جەنگەکە لە ئان و ساتتدایە،
چەند بەرپرسێكی ئەمریکییش کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت لە زاری چەند بەرپرسێكی هەواڵگریی ووڵاتەکەیانەوە باسیان لەوە کردووە رووسیا ئامادەکارییەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ بۆسەر ووڵاتی ئۆکرانیا.

بەپێی دواین ئامار و بەدواداچوون رووسیا زیاتر لە (110) هەزار سەربازی لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە، ئەو وڵاتە توانای هەیە بەو هێزەی، کە ئێستا لەبەردەستیەتی، لەماوەی تەنھا دوو هەفتەدا ئەو "هێرشە فراوانە" دژ بە ئۆکراینا بکات.

"کوژرانی ھەزاران کەس"
 
ڕاپۆرتە ھەواڵەكانیان باس لەوە دەکەن لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ  زۆری ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی دەبنە قوربانی، پێشبینی ئەوە کراوە لە ئەگەری روودانی شەڕ، لەنێوان (25) هەزار تاوەکو (50) هەزار کەسی سیڤیل دەکوژرێن و لە نێوان (5) هەزار تاوەکو (25) هەزار سەربازی ئۆکراینی و (3) هەزار تاوەکو (10) هەزار سەربازی رووسی دەکوژرێن و لەنێوان ملیۆنێک تاوەکو (5) ملیۆنی ئۆکراینی دەربەدەر دەبن و پەنا بۆ پۆڵەندا دەبەن.
یەک ھەفتە لەمەوبەر نزیکەی هەزار و (500) سەرباز لە یەکەی سەربازی تایبەتی رووسیا ناسراو بە "سپیتینسناز"، لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا جێگیرکراون.
هەروەها هێزێکی گەورەی دەریایی رووسیا بە پێنج کەشتیی سەربازی تایبەت لە دەریای رەشدا لەنگەریان بەستووە و ئامادەی هێرشی لەناکاون بۆ سەر کەنار دەریاکانی باشووری ئۆکراینا.
لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جەنگە، فراوان بوون و کاریگەری جەنگەکە لەسەر تەواوی جیھان ئەگەرێکی کراوەیە، بەوپێیەی ووڵاتانی بەرەی ڕووسیا پاڵپشتی ھەنگاوەکانی ئەو ووڵاتە دەکەن و ھاوکات ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆ بە چڕی و توندی دژی ڕووسیا وەستاونەتەوە دوورنییە، ئەگەر نێوەندگیریی و زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتن نەکرێت بە دڵنیاییەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.