"هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكڕانیا ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات"

 

ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، چالاكییه‌كانی سوپای ڕووسیا له‌سه‌ر سنووری ئۆكڕانیا زیادی كردووه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هێرشی سه‌ربازی ده‌ست پێ بكات.

جه‌یك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاژانسی (سی ئێن ئێن) ڕایگه‌یاند: دروست ناتوانین ڕۆژی هێرشی ڕووسیا بۆ سه‌ر ئۆكڕانیا دیاری بكه‌ین، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌ر كاتێك ڕووبدات، له‌وانه‌یه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو بێت پێش كۆتایی یارییه‌كانی ئۆڵه‌مپیاد یان دوای ئه‌مه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز هه‌ل ناداته‌ ڕووسیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی له‌ناكاو بۆ سه‌ر ئۆكڕانیا.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌شداریكردنی زانیاریی هه‌واڵگری له‌گه‌ڵ ئۆكڕانیا و هاوپه‌یمانه‌كانی. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ده‌بێت جیهان ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و پاساوانه‌ی ڕووسیا ببێته‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆكڕانیا.

جه‌یك سولیڤان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ شاری كیێف كه‌مترین هاووڵاتی وڵاته‌كه‌ی تێدا ماوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئاماده‌یی ته‌واویان كردووه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌وێ ماون.

ئه‌م ڕاوێژكاره‌ی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا هه‌فته‌ی ڕابردوو داوای له‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كردبوو له‌ زووترین كاتدا خاكی ئۆكڕانیا جێبێڵن.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ ڕه‌نگه‌ ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ هه‌ر كاتێكدا بڕیاری هێرشكردنه‌ سه‌ر ئۆكڕانیا ده‌ربكات و جه‌نگ ده‌ست پێ بكات.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ مۆسكۆ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ مه‌به‌ستێكی هێرشكردنه‌ سه‌ر هاوسێكه‌ی ئۆكڕانیای هه‌بێت، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپییه‌كان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ته‌نیا دروستكردنی ترس و هستریایه‌.