5 کەس بەتۆمەتی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا دەستگیر کران

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە  5 کەس لە کاتی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا دەستگیر کران، دەست بەسەر هەموو ئەو کەلوپەلانەشیاندا گیرا کە کاریان پێ دەکرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە تێیدا هاتووە "دوای کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەو کەسانەی دەستکاری پێوەری زیرەکی کارەبای گەڕەکان دەکەن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لەلایەن لێژنەکانی قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و پۆلیسی شارەوانی 5 کەس لە کاتی کارکردنیان و دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکی کارەبا لە یەکێک لە گەڕەکانی شاری هەولێر دەستگیر کران".

ئەوەشی خستەڕوو "دوای دەستگیکردنیان دەستبەسەر ئەو کەلوپەلانەی کارەکەیان پێ ئەنجام دەدا و ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیرا"

ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە و ڕەوانەی دادگە دەکرێن بۆ بە سزاگەیاندنیان بەپێی یاسا.